١ نيسانی ٢٠٢٣
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند لە کاتژمێر 1 ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە منداڵێک لە شاری کۆبانی کەتووەتە بیرێکی ئیرتیوازییەوە و تا ئێستا هەوڵەکانی دەرهێنانەوەی بەردەوامە.
ئەمڕۆ شەممە 1ی نیسانی 2023، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ماڵبەڕی فەرمیی خۆی، هەواڵ و گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تیایدا کۆمەڵێک لە دانیشتوانی گوندی دیهابان سەر بە شاری کۆبانێ، لە هەوڵی دەرهێنانەوەی منداڵێکدان بە ناوی ساڵح، تەمەن 8 ساڵ، کە کەوتووەتە بیرێکی ئیرتیوازییەوە.
ڕوانگەکە ئاشکرای کردووە، بیرەکە 120 مەتر قوڵە و منداڵەکە لە قوڵایی 40 بۆ 50 مەتردا گیری خواردووە و بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پێویستەوە خەڵکی ناوچەکە بە کەرەستەی زۆر سەرەتایی لە هەوڵدان و بەهۆیەوە تا ئێستا نەتوانراوە دەربهێندرێتەوە.
لە هەواڵەکەی ڕوانگەی سوریدا هاتووە یەکێک خەڵکەکە هەوڵیان داوە کەسێک بە سەربەرەوخواری بە بیرەکەدا شۆڕ بکەنەوە تاوەکو بگاتە منداڵەکە و دەریبهێنێتەوە، بەڵام تاوەکو کەمێک لەمەوبەر سەرکەوتوو نەبوون.
