بەکارهێنانی ڤایبەر و وەتسئەپ لەم کارانەدا قەدەغەکرا

١٣ نيسانی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، لە نووسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی کراوە، چەند بڕیار و ڕێنماییەکی نوێی بۆ ڕێکخستنی کاروباری نەخۆشخانەکان و بەشەکانی فریاکەوتن دەرکرد.

ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، پێویستە بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و بەشەکان خشتەی مانگانەی ئەرکەکان (ئیلتیزام) بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و دوور لە جیاکاری دابڕێژن و پزیشکی نیشتەجێی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین دەبێت لە کاتی ئەرکەکانیاندا بە شێوەیەکی بەردەوام لەناو نەخۆشخانە بن و نابێت بە شێوەی (On Call) یان لە دەرەوەی نەخۆشخانە بن، بە تایبەت ئەو پزیشکانەی کە ڕۆژی ئەرکیانە نابێت لە کلینیکە تایبەتەکان و سەنتەرە ئەهلییەکاندا کار بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی تەندروستی بەکارهێنانی ئامێرەکانی وێنەگرتن و ڤیدیۆکردنی نەخۆش و ڕاوێژکردن بە مۆبایل و ڤایبەر و واتسئەپی قەدەغە کردووە، و پێویستە نەخۆش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە پشکنینی بۆ بکرێت و چارەسەری بۆ دیاری بکرێت.

دەشڵێت، پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و دێرین بۆیان نییە ڕاوێژکاری بە تەلەفۆن لە پزیشکی نیشتەجێی پسپۆڕ وەربگرن، بەڵکو دەبێت پزیشکی پسپۆڕ خۆی لە لای نەخۆشەکە ئامادە بێت.