هەسەدە: لە دەرئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا نۆ شەڕڤانمان شەهیدبوون و 20ـی دیکە بریندارن

١٩ کانونی دووەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە بۆ ڕای گشتی سەبارەت بە بارودۆخی ئەم دواییەی زیندانی ئەلئەقتان لە ڕەقە.

ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی کانونی دووەمی 2026، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە راگەیاند:" لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانمان بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی دیلەکانی داعش کە لە زیندانی ئەلئەقتان لە ڕەقە ڕاگیراون بۆ شوێنێکی ئارامرتر، بەڵام سەرەڕای بەڵێنی دووبارە، هاوپەیمانی تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی لەو بارەوە نەناوە ".

ئاماژەی بەوەشکرد:" لە میانەی شەڕ و پێکدادانەکانی بەردەوام لەگەڵ کوتلە لایەنگرەکانی دیمەشق کە هێرش دەکەنە سەر زیندانەکە، هێزەکانمان بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆیان بۆ پاراستنی زیندانەکە و ڕێگریکردن لە تێکچوونی ئەمنی، ئەم پێکدادانانە، تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم لێدوانە، بووەتە هۆی شەهیدبوونی "9" شەڕڤانمان و برینداربوونی "20" کەسی دیکە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، پێکدادانەکان هێشتا بەردەوامن، لەژێر بارودۆخێکی ئەمنی زۆر مەترسیداردا.