دەقی خاڵەکانی ڕێککەوتنی حکومەتی سوریا و هەسەدە

١٨ کانونی دووەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

ئەمڕۆ یەکشەممە 18ـی کانونی دووەمی 2026، ئەحمەد شەرح و مەزڵوم عەبدی ڕێککەوتنیان واژۆکرد و بەمەش ئاگربەست لەسەرجەم ناوچەکان ڕاگەیەندرا.

دەقی ڕێککەوتنەکە:

یەکەم: ئاگربەستێکی دەستبەجێ و گشتگیر لە هەموو بەرەکانی جەنگ و هێڵەکانی بەریەککەوتن لە نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لەگەڵ کشانەوەی سەرجەم پێکهاتە سەربازییەکانی هەسەدە بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ دووبارە بڵاوەپێکردنەوە.

دووەم: ڕادەستکردنی تەواوەتی و دەستبەجێی کارگێڕی و سەربازیی پارێزگاکانی دێرەزوور و ڕەققە بۆ حکومەتی سوریا، کە ئەمە گواستنەوەی سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکان دەگرێتەوە، لەگەڵ دەرچوونی دەستبەجێی مەرسوومەکان بۆ جێگیرکردنی فەرمانبەرانی ئێستا لە چوارچێوەی وەزارەتە تایبەتمەندەکانی دەوڵەتی سوریا.

سێیەم: یەکخستنی هەموو دامەزراوە مەدەنییەکانی پارێزگای حەسەکە لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا و پێکهاتە کارگێڕییەکانی.

چوارەم: حکومەتی سوریا کۆنترۆڵی هەموو دەروازە سنوورییەکان، کێڵگە نەوتییەکان و کێڵگە گازییەکانی ناوچەکە دەگرێتە دەست، پاراستنیان لەلایەن هێزە فەرمییەکانەوە مسۆگەر دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەی سەرچاوەکان بۆ دەوڵەتی سوریا، لەگەڵ ڕەچاوکردنی دۆخی تایبەتی ناوچە کوردییەکان.

پێنجەم: یەکخستنی تەواوەتی هەموو کارمەندە سەربازی و ئەمنییەکانی هەسەدە لە ناو پێکهاتەکانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی سوریا لەسەر بنەمای “تاکەکەسی” دوای ئەنجامدانی پشکنینی ئەمنی پێویست، و پێدانی پلەی سەربازی، شایستە داراییەکان و پێداویستییە لۆجستییەکان بەپێی ئەوە.

شەشەم: سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) پابەند دەبێت بەوەی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو نەکاتە ناو ڕیزەکانی خۆی، و لیستێک لەو ئەفسەرانەی پاشماوەی ڕژێمی پێشوون و لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریان، پێشکەش بکات.

حەوتەم: دەرکردنی مەرسوومێکی سەرۆکایەتی بۆ دەستنیشانکردنی پاڵێوراوێک بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری حەسەکە، وەک گەرەنتییەک بۆ بەشداری سیاسی و نوێنەرایەتی خۆجێی.

هەشتەم: لابردنی بوونی چەکی سەربازیی قورس لە شاری عەین ئەلعەرەب (کۆبانێ)، و پێکهێنانی هێزێکی ئەمنی لە دانیشتوانی شارەکە، لەگەڵ هێشتنەوەی هێزێکی پۆلیسی خۆجێی کە لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سوریا بێت.

نۆیەم: یەکخستنی ئەو کارگێڕییەی بەرپرسە لە مەلەفی زیندانیانی داعش و کەمپەکان، هەروەها ئەو هێزانەی بەرپرسن لە پاراستنی ئەم دامەزراوانە، لەگەڵ حکومەتی سوریا بۆ ئەوەی حکومەت بەرپرسیارێتی تەواوی یاسایی و ئەمنییان بگرێتە ئەستۆ.

دەیەم: پەسەندکردنی لیستێکی پاڵێوراوان کە لەلایەن سەرکردایەتی هەسەدەوە پێشکەش دەکرێت بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاکانی سەربازی، ئەمنی و مەدەنی لە ناو پێکهاتەی ناوەندی دەوڵەتدا بۆ مسۆگەرکردنی شەراکەتی نیشتمانی.

یازدەم: پێشوازیکردن لە مەرسوومی سەرۆکایەتی ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٢٦، کە دان بە مافە کولتووری و زمانییەکانی کورددا دەنێت و چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ماف و مەدەنی دەکات، لەوانە کەسانی بێ ناسنامە (بێ وڵات) و داواکارییەکانی مافی موڵکداری کە لە دەیەکانی ڕابردووەوە کۆبوونەتەوە.

دوازدەم: هەسەدە پابەند دەبێت بە دوورخستنەوەی هەموو سەرکردە و ئەندامە ناسیۆرییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) بۆ دەرەوەی سنوورەکانی کۆماری عەرەبی سوریا بۆ مسۆگەرکردنی سەروەری و سەقامگیری ناوچەیی.

سێزدەم: دەوڵەتی سوریا پابەند دەبێت بە بەردەوامبوون لە شەڕی دژی تیرۆر (داعش) وەک ئەندامێکی چالاکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە هەماهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

چواردەم: کارکردن بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە گەڕانەوەی سەلامەت و شکۆمەندانەی دانیشتوانی ناوچەکانی عەفرین و شێخ مەقسوود بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.