”کاتی ئەوە هاتووە ئێران سەرکردایەتییەکی نوێی هەبێت“

١٧ کانونی دووەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هێرشێکی توندی کردە سەر دەسەڵاتدارانی تاران و ڕایگەیاند، کە کاتی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سەرکردایەتی ئەو وڵاتەدا هاتووە.

ئەمڕۆ شەممە 17ـی کانونی دووەمی 2026، دۆنالد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکدا لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لەگەڵ گۆڤاری "پۆلیتیکۆ" رایگەیاند، کاتی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سەرکردایەتی ئەو وڵاتەدا هاتووە، دوای ئاگاداربوونی لە بڵاوکراوەکانی ئەم دواییەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاماژەی بەوە کرد، کە دەسەڵاتدارانی تاران بۆ مانەوەیان تەنها پشت بە "سەرکوتکردن و توندوتیژی" دەبەستن.

ئاماژەی بەوەشکرد:" ئەوان هەزاران کەس دەکوژن تەنها بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن، لەبری ئەوەی وەک من سەرنج بخەنە سەر بەڕێوەبردنی دروستی وڵاتەکەیان ".

هاوکات، سەرۆکی ئەمریکا ڕەخنەی لە دۆخی ناوخۆیی ئێران گرت و دەڵێت، بەهۆی خراپیی سەرکردایەتییەوە، لە ئێستادا ئێران بووەتە "خراپترین شوێن بۆ ژیان لە جیهاندا"، هانی دەسەڵاتدارانی تارانی دا کە شێوازی حوکمڕانییان بگۆڕن و چیتر لە ڕێگەی کوشتنەوە وڵات بەڕێوە نەبەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ پۆلیتیکۆ، ترەمپ بە ڕاشکاوی وتی، کاتی ئەوە هاتووە گەلی ئێران بەدوای سەرکردایەتییەکی نوێدا بگەڕێن کە بتوانێت ژیانێکی شایستە و ئارام بۆ هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە دابین بکات.