لە بیرکردنەوەی جاهیلی عەرەبەوە بۆ جاشایەتی مەلای کورد

١٦ کانونی دووەمی ٢٠٢٦

بڵاویبکەرەوە لە

 لە بیرکردنەوەی جاهیلی عەرەبەوە بۆ جاشایەتی مەلای کورد 

"انصر أخاكَ ظالِمًا أو مظلومًا" پشتگیری براکەت بکە چ ستەمکار بێت یان ستەملێکراو. 

ڕەگ و ڕیشەی ئەم پەندە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جاهیلیەتی عەرەب ؛ سەردەمێک کە تێیدا بیرکردنەوەی خێڵەکی و قەبیلەیی زاڵ بوو و پشتگیری برا لەسەر بنەمای خوێن و ناسنامە بوو، نەک حەق و ڕاستی و دادپەروەریی. 

ئەو بیرکردنەوەیە بە ئەدای جیاواز، بەڵام بە هەمان ناوەڕۆک،لە مێشکی عەرەبی سیاسیدا ماوە بە تایبەت کاتێک کە باسەکە دێتە سەر کورد، وەک خۆی و توندتر لە سەردەمی جاهیلی، دوژمنانی کورد کاری پێ دەکەن. 

ئیسلام ئەم بیرکردنەوەیەی ڕاستکردەوە و مانایەکی مرۆڤانەی پێدا،فەرمانی کرد بە یارمەتیدانی ستەملێکراو، ڕێگری ‌کردن لە ستەمکار، تەنانەت ئەگەر ستەمکار براکەشت بێت. "ئەمەیە جیاوازی نێوان دینی ڕاست و جاهیلیەتی کۆن و نوێ". 

 کێشەکە ئەوەیە: لە ناو کورددا کۆمەڵێک بە ناوی مەلا و پیاوانی ئاینی پەیدا بوون کە خۆیان کردووە بە عەرەب لە بەرگی کوردیدا، ئەوان خۆیان کردووە بە برا و هاوخوێنی دوژمنانی کورد و بە زمانی پاراوی کوردی شیوەن بۆ منداڵێکی عەرەب دەکەن کە خوێن لە لوتی بێت بەڵام چاو دادەخەن بەرامبەر کوشتوبڕی هاوزمان و خوشک و براکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە سەرمیمبەر و سەکۆکانیان خەریکن برا و خوشکەکانی خۆیان تاوانبار و تۆمەتبار دەکەن؛ لەسەر خاک، لەسەر ئاو، و لەسەر نیشتمانی خۆیان، ئەمە جکە لە جاشایەتی جاهیلیەتیشە بە دین و خیانەتە دژ بە ناسنامەی نەتەوەیی، جاهیلیەتە بەو مانایەی بێئاگان بەرامبەر فەرمودەی پێغەمبەری ئیسلام ﷺ بە ئاشکرا فەرموویەتی : «من يُقتل وهو يدافع عن ماله أو أهله أو نفسه أو دينه أو أرضه مظلومًا يُعد شهيدًا في سبيل الله » واتە: ئەوەی لە پێناوی ماڵی خۆی، خێزانەکەی، یان خاکەکەی بکوژرێت، لای خودا شەهیدە و هیچ تاوانێکی لەسەر نییە. 

پیاوی ئاینی، ئەگەر ڕاستگۆ بێت، دەبێت دەنگی داد بێت، نەک داردەستی زۆردار، دەبێت شوێنکەوتەی خودا و پێغەمبەری ئیسلام ﷺبێت نەک بێگانە و دوژمن، ئەگەر ئەم جۆرە ڕەفتار و گوفتارانە لە ڕابردوودا بە دڵی پاکی کوردانەوە قەبوڵکراوبوبێت، پێویستە لەمەودوا لە پێناو پاراستنی ناسنامەی نەتەوایەتیمان و ئایندەی نەوەکانمان قەبوڵی نەکەین، هەریەک لە ئاست خۆمانەوە نەفرەت لەو جۆرە بانگبێژ و بەناو مەلا و ماومۆستا و کەسانە بکەین کە دژ بە بەها باڵاکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلامن و ئاین بەکار دەهێنن دژ بە نەتەوەکەی خۆیان بە فیتی دوژمن و نەیارانی کورد. 

لە کۆتایدا دەمەوێت ئەوە بڵێم، هەموو نەتەوەیەک بیری جیاواز و دینی جیاواز و ڕەنگ و دەنگی جیاواز پێکهاتەکانیەتی، خاکێک کۆیان دەکاتەوە و دەبێتە نیشتمانیان، ناسنامەیەک کە ناستامەی نەتەوایەتییانە دەبێت بە پێناسەیان، ئێمەی کورد لە هەرکات و زەمەنێک زیاتر پێویستمان بە پێکەوەییە، پێویستمان بە پشتیوانی یەکترە.