١٣ کانونی دووەمی ٢٠٢٦
راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، حکومەتی ئێران لە دوایین رۆژەکانی تەمەنیدایە، ئەوەش لەکاتێکدایە گوشارەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە زیاد بوون، کە دەگوترێت سەدان کەسیان تێدا کوژراوە.
ئەڕۆ سێشەممە 13ـی کانونی دووەمی 2026، فرێدریش مێرتس راوێژکاری ئەڵمانیا لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ هیندستان رایگەیاند:" کاتێک رژێمێک تەنیا بە زەبروزەنگ بتوانێت دەسەڵات بپارێزێت، ئەوا بە کردار کۆتایی هاتووە ."
ئاماژەی بەوەشکرد:" بڕوام وایە ئێمە ئێستا شایەتی دوایین رۆژ و هەفتەکانی ئەم رژێمەین ."
ئەمەش لەکاتێکدایە، زیاتر لە دوو هەفتەیە خۆپێشاندانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن و بە گەورەترین ئاڵنگاری بۆ حکومەتی ئەو وڵاتە دادەنرێت، خۆپێشاندانەکان سەرەتا بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر دۆخی ئابووری دەستیانپێکرد، بەڵام ئێستا داواکارییەکان گۆڕاون بۆ گۆڕینی دەسەڵات.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (IHR) کە بارەگاکەی لە نەرویجە، رۆژی دووشەممە رایگەیاند، لانیکەم 648 کەس لە خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا کوژراون، رێکخراوەکانی چاودێریی ئینتەرنێت رۆژی سێشەممە رایانگەیاند، پچڕانی ئینتەرنێت لە سەرتاسەری ئێران زیاتر لە 108 کاژێری تێپەڕاندووە.
