١٣ کانونی دووەمی ٢٠٢٦
دەسەڵاتدارانی ئێران و گەورەترین تاقیکردنەوەیان لە دوای شۆڕشی 1979ـەوە.
دەسەڵاتدارانی ئێران لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی 1979ـەوە رووبەڕووی قورسترین تاقیکردنەوەی خۆیان دەبنەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران پەنایان بۆ ئاستێکی سەرکوتکردنی نوێ بردووە، کە لە قەیرانەکانی پێشوودا نەبینرابوو، ئەوانیش چڕکردنی باری ئەمنی و بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت بەشێوەیەک نزیکە لەوەی لە تەواوی ناوچەکان نەمێنێت، زۆرێک لە شەقامەکان کە سەردەمانێک پڕ بوون لە دروشمی تووڕەیی دژی سیستەمی بەڕێوەبردنی ئێران، ئێستا بە شێوەیەکی ترسناک بێدەنگ بوون.
دانیشتوویەکی تاران بە کەناڵی بی بی سی فارسی ڕاگەیاندووە:" ڕۆژی هەینی بە شێوەیەکی باوەرپێنەکراو شوێنەکە قەرەباڵغ بوو، بەڕادەیەکی زۆر تەقە دەکرا، بەڵام، شەوی شەممە دۆخەکە ئارامبووەوە ."
ڕۆژنامەنووسێکی ئێرانی دەڵێت:" ئەگەر بتەوێت بچیتەوە دەرەوە بۆ سەر شەقامەکان، ئەوە دەبێت خۆت ئامادەکردبێت بۆ مردن ".
ئەم نائارامییە ناوخۆییە هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشەیەکی دەرەکی، هاوکاتە لەگەڵ هۆشدارییە دووبارەکانی سەرۆکی ئەمریکا دۆنالد ترەمپ، سەبارەت بە کردەوە سەربازیەکان، دوای حەوت مانگ لە هێرشەکانی ئەمریکا کە دامەزراوە ئەتۆمییە گرنگەکانی کردە ئامانج لە کاتی شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، بووە هۆی لاوازکردنی ڕژێمی ئێران.
ئەم دۆخەی ئێستای ئێران، بە وتەی سەرۆکی ئەمریکا، “کارتێکی زیادە”ـی بە ئێران داوە بۆ بەردەوامبوون لە یاریکردن، ترەمپ پێداگری دەکات لەوەی کە تاران دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان.
بەڵام هەڵوێستی ئێران تا ئێستا نادیارە، ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات کە ڕەنگە پێش هەر کۆبوونەوەیەک ناچار بێت چەند رێکارێک بگرێتە بەر، تەنها دانوستانەکان بەس نابن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گێژاوە ناوخۆییەی ئێستا.
جگە لەوەش ئێران داواکارییەکانی ئەمریکا بە (توندڕەوانە) لە قەڵەم دەدات و دەڵێن ئەم داواکاریانە جێی قبوڵ نین، لە پێش هەمووشیانەوە “پیتاندنی سفر”ی یۆرانیۆمە، چونکە ئەمە بە وتەی خۆیان "هێڵە سوورەکان دەبەزێنێت" کە ئەمەش دەستوەردانە لە ناوەڕۆکی ستراتژیکی ڕژێمی ئایینی (تیۆکراسی) لە ئێراندا، بەڵام بەپێی بڕوای شارەزایان، هەرچەند گوشارەکانی ئەم قۆناغە زیادی بکەن، پێدەچێت هیچ گۆڕانکاریەک و کاریگەریەکی لەسەر ڕەوتی ڕێبەرایەتی ئێران نەبێت.
