ناتانیاهۆ: دەروازەی رەفەح بە داخراوی دەمێنێتەوە

١٨ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دەروازەی ڕەفەح لە كەرتی غەززە تا کاتێکی نادیار بە داخراوی بمێنێتەوە و لە ئێستادا ناكرێتەوە، لەكاتێكدایە پێشتر فەڵەستین ڕایگەیاندبو كە ڕۆژی دوشەممە دەروازەكە بەڕوی فەڵەستینیەكاندا دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهۆ، فەرمانی داوە كە دەروازەی ڕەفەح لە كەرتی غەززە تا کاتێکی نادیار بە داخراوی بمێنێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، كردنەوەی دەروازەكە پەیوەستە بە پابەندیی حەماس لە گەڕاندنەوەی تەرمی تەواوی بارمتە مردوەكانی غەززە و جێبەجێكردی ئەو ئەركانەی لەسەر شانیەتی بەگوێرەی ئەو ڕێككەوتنەوەی كە ئەنجامدراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کە باڵیۆزخانەی فەلەستین لە میسر ئێوارەی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، دەروازەی سنوری نێوان غەززە و میسر ڕۆژی دوشەممە بۆ ئەو فەلەستینیانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە غەززە، دەکرێتەوە، ئێستا نادیارە ئایا ئەوە بەگویرەی پلان بەردەوام دەبێت یان نا، لەكاتێكدا دەروازەی ڕەفەح خاڵێکی گرنگی گواستنەوەیە بۆ هاتوچۆی خەڵک و هاوکاری بۆ ناو غەززە، چونکە بەتەنیا لەلایەن ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵ ناکرێت.