ئێران: چیتر پابەند نابین بە کۆت و بەندەکانی بەرنامەی ئەتۆمی

١٨ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند:'' لەمەودوا هەمو بڕگەکانی ڕێكه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی، لەوانەش سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و میکانیزمە پەیوەندیدارەکان بە کۆتاییهاتوو دادەنرێت".

ئەمڕۆ شەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاران چیتر پابەند نابێت بە سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە، چونکە ڕێککەوتنە 10 ساڵەکەی نێوان خۆی و وڵاتە زلهێزەکانی جیهان کۆتاییهاتوه‌، هەرچەندە تاران "پابەندبونی خۆی بە دیپلۆماسیەتەوە" دووپاتکردەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران بە توندی پابەندبونی خۆی بە دیپلۆماسیەتەوە دەردەبڕێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕێککەوتنی ئه‌تۆمی ساڵی 2015 کە پێکهاتبوون لە ئێران، چین، بەریتانیا، فڕەنسا، ئەڵمانیا، ڕوسیا و ئەمریکا لە ڤیەننا واژۆیان كردبوو، به‌هۆی هەڵگرتنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرامبەر سنوردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا بوو.

لە ڕێکەوتنەکەدا پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بە ڕێژەی لە 3.67%لە بەرامبەر کەمکردنەوەی سزاکان و چاودێریکردنی توندی چالاکییە ئەتۆمییەکانی لەلایەن ڕێکخراوی چاودێری ئەتۆمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، دابینکرا، بەڵام واشنتن لە ساڵی 2018ـدا ئەو ڕێککەوتنەی بەجێهێشت و سزاکانی گەڕاندەوە، دوای ئەوە تاران دەستیکرد بە چڕکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئه‌تۆمی، ئێران تاکە وڵاتێکە کە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی نییە کە یۆرانیۆم تا 60%د پیتاندن بکات، ئەوەش نزیکە لەو رێژە دیاریکراوەی بۆ درووستکردنی بۆمبێک پێویستە کە 90%ـە و زۆر زیاترە لەو ئاستەی کە پێویستە بۆ بەکارهێنانی ئەتۆمی مەدەنی.