٣ ئەیلوولی ٢٠٢٥
سەرۆکی رووسیا دەڵێت: "هەرگیز ئەگەری کۆبوونەوەم لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا رەتنەکردووەتەوە"؛ وتیشی: "ئەگەر لەگەڵ ئۆکرانیا نەگەینە رێکەوتن ئەوا ناچار دەبین هەموو ئەرکەکانمان بە شێوەیەکی سەربازی چارەسەربکەین".
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە پەکین، لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا وتی: "هەرگیز ئەگەری ئەو کۆبوونەوەیەم رەتنەکردووەتەوە. بەڵام ئایا هیچ مانایەکی هەیە؟ با بزانین".
سەرۆکی رووسیا مەرجی بۆ کۆبوونەوەکەش دانا و رایگەیاند: "ئەگەر بڕیارە ئۆکرانیا پێشکەوتنێک بەدەستبهێنێت، پێویستە یاسای سەربازی هەڵبوشێنێتەوە و هەڵبژاردنێک لەسەر پرسی خاکەکان بکات".
ئاماژەی بەوەشکرد: "پێم وایە رووناکییەک لە کۆتایی توونێلەکەدا هەیە، بەڵام با بزانین دۆخەکە چۆن گەشە دەکات. ئەگەر نا، ئەوا ناچار دەبین هەموو ئەرکەکانمان بە شێوەیەکی سەربازی چارەسەربکەین".
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی رووسیا لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پوتین لە ئالاسکا رایگەیاندبوو، رەنگە کۆبوونەوەیەکەی سێ قۆڵی لەنێوان خۆی، پوتین و زیلینسکی بەڕێوەبچێت و هەوڵی نێوەندگیری بۆ چارەسەری ئاشتی دەدات.