٢ ئەیلوولی ٢٠٢٥
وەزارەتی بەرگریی عێراق، لەبارەی رووداوی تەقەکردنەکەی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان هاتە دەنگ و راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە، لە میانەی چالاکییەکی تەقەکردن لە چوارچێوەی پڕۆگرامی راهێنان بۆ خوێندكارانی خولی 89 لە کۆلێژی سەربازی سێیەم لە قەڵاچوالان لە پارێزگای سلێمانی، تەقینەوەیەکی گوللـەی ئار بی چی روویدا و بەهۆیەوە چوار خوێندکاری کۆلێژ برینداربوون.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، دەستبەجێ بریندارەکان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە و وەرگرتنی چارەسەر، کە سێ کەسیان دوای وەرگرتنی فریاگوزاری سەرەتایی مەترسی لەسەر ژیانیان نەما، خوێندکاری چوارەمیش بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە و بە فڕۆکە دەگوازرێتەوە بۆ بەغدا.
وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو، دوابەدوای ئەو رووداوە، وەزارەتی بەرگری لێکۆڵینەوەی بەپەلەی کردەوە بۆ دیاریکردنی هۆکار و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ دڵنیابوون لەوەی لە داهاتوودا دووبارە نەبێتەوە.