٣١ ئابی ٢٠٢٥
شارەزایەکی کەشناسی رایگەیاند، بەهۆی نزیکبوونەوەی وەرزی پاییزەوە پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی گشتی روو لە نزمبوونەوە دەکەن.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، سبەینێ دووشەممە، 1/9/2025، لە روانگەی کەشناسیەوە بە یەکەم رۆژی پاییز دادەنرێت، بەڵام لە روانگە فەلەکییەوە 21 رۆژی هاوین ماوە، کە لەوکاتەوە بەفەرمی هەست بە گۆڕانکاری تەواو دەکرێت لە نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و وەرزی پاییز دەستپێدەکات.
راشیگەیاند، بەگشتی لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا پلەکانی گەرما تا رادەیەک جێگیردەبن و لە کۆتایی ئەم هەفتەیە بەدواوە قۆناغێکی نوێ لە نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما دەستپێدەکات بەڕێژەی دوو تا سێ پلە بەتایبەت لە ناوچە شاخاویەکان ئەم نزمبوونەوەیە زیاتر دەبێت.
وتیشی: "بەگشتی ئەم قۆناغەی ئێستای گەرما تێدەپەڕێنین، بەڵام بەو مانایە نایەت کە کەش زۆر فێنک ببێت بەڵام بەراورد و ئێستا و رۆژانی رابردوو فێنکتر دەبێت".