٣١ ئابی ٢٠٢٥
کارەبای هەرێم رایگەیاند، بەهۆی تاقیکردنەوەی فشاری سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک، کارەبای پڕۆژەی رووناکی ئەگەری پچڕانی تێدەکەوێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی کارەبای هەرێم، لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، وەزارەتەکەیان هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی فشاری سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک.
ئاشکراشیکرد، ئەم تاقیکردنەوەیە ناوچەکانی ناوەوە و دەرەوەی پڕۆژەی رووناکی دەگرێتەوە.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەم تاقیکردنەوەیە رێکارێکی رۆتینییە کە بۆ تۆڕی کارەبا ئەنجام دەدرێت لەلایەن وەزارەتی کارەباوە، کە ئامانج لێی دیاریکردنی کێشە و خاڵە لاوازەکانی تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبایە لە ماوەی دوو رۆژی تاقیکردنەوە بۆ هەر پارێزگایەک، کە تێیدا هاوڵاتییان کارەبای بەردەوامییان دەبێت.
وەزارەتەکە ئاگاداری هاوڵاتییانیش دەکاتەوە، ئەگەری پچڕانی نەخوازراوی کارەبا لەکاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە لە پارێزگای هەولێر هەیە، کە لە بەرواری 1 و 2ـی ئەیلول دەستپێدەکات و دواتریش لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک ئەنجامدەدرێت.