٣١ ئابی ٢٠٢٥
رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بەبۆنەی 1ـی ئەیلول، رۆژی جیهانیی ئاشتییەوە، لەڕێی شاندی ئیمراڵییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەكە:
بۆ ئەو کەسانەی لەپێناو ئاشتی و دیموکراسییدا تێدەکۆشن...
بانگەوازەکەمان بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک، هەنگاوێکی سیاسیی ئاسایی نییە؛ بەڵکو هەنگاوێکی ستراتیژیی و قۆناغێکی مێژووییە. بەم بانگەوازە، هەم لە تورکیا و هەم لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەرگای سەردەمێکی نوێ کراوەتەوە، تاوەکو ژیانی ئاشتییانە و دیموکراتیک جێگەی شەڕ و وێرانکاریی بگرێتەوە.
ئەمە تەنها داخوازییەک نییە، بەڵکو ڕاستییەکی بەرجەستەیە و پێویستە بە هەلی بەهێز و هەنگاوی پراکتیکی بەدی بهێنرێت. چونکە ئاشتییەکی ڕاستەقینە، تەنها بە بێدەنگکردنی چەک و کۆتاییهاتنی شەڕ و پێکدادان، بەدی نایەت. هەرکات ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری هەموو بوارەکانی ژیانی گرتەوە، ئەوکات ئاشتییەکی راستەقینە دێتەدی.
گۆڕانی کۆمەڵایەتی تەنها مافێک نییە بۆ گەلانمان، بەڵکو ئەرکی سەرەکییە لەم سەردەمە نوێیەدا.
حەتمەن بە تیکۆشانی گەلانمان، پایەکانی ئاشتی و دیموکراسی و بەهاکانی ئازادی قایمتر دەبن و لەنێو ژیانی کۆمەڵایەتییدا ڕەنگدانەوەیان دەبێت. ئیتر ئەم وڵاتە دەبێتە وڵاتی ئەوانەی کە ئاشتی و ژیانی دیموکراتیک هەم وەک ماف و هەم وەک ئەرکی خۆیان دەبینن.
بەبۆنەی 1ـی ئەیلولەوە، بانگەواز لە گەلانمان دەکەم کە خاوەنداری لەم ئەرکە مێژووییە بکەن و ڕێپێوانی ئاشتی و ئازادی فراوانتر بکەن.
لەو بڕوایەدام، هەمووان لە جدییەت و هەستیاریی ئەم قۆناغە تێدەگەن و ڕەچاوی دەکەن و بە ڕۆحییەتێکی ئاشتیخوازانەوە هەنگاودەنێن. بەم بڕوایەوە، سڵاو و ڕێز و خۆشەویستی بێپایانی خۆمتان ئاڕاستە دەکەم.
عەبدوڵا ئۆجەلان
دوورگەی ئیمراڵی