٣١ ئابی ٢٠٢٥
سبەی دوایین رۆژی پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراکە و هەرکەس خۆی تۆمار نەکات بەشەخۆراکی مانگانەی دەبڕدرێت. بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە سلێمانی دەڵێت، هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی کاتەکە نەدراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاراس محەممەد بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی سلێمانی، لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند: "تاوەکو کاتژمێر 12:00ی شەوی سبەی 1-9، ئەپەکە کراوە دەبێت و هاونیشتمانیان دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن".
لە 2ی حوزەیرانی 2025ـەوە پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکردووە و بڕیاربوو یەکی ئاب دوایین رۆژ بێت، بەڵام جارێک درێژکرایەوە بۆ 25ی ئەم مانگە و دوایین جاریش بۆ یەکی ئەیلوول.
ئاراس محەممەد وتیشی: "هەرکەس تاوەکو یەکی ئەیلوول فۆرم پڕنەکاتەوە، لە قۆناغەکانی دواتردا دەتوانێت بە پێدانی رسوومات پڕی بکاتەوە". ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی کاتەکەی نەدراوە.
25ی ئاب، وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند: "وادەی داخستنی ئەپلیکەیشنی نوێکردنەوەی زانیارییەکانی فۆرمی خۆراک درێژکرایەوە بۆ دووشەممە 01-09-2025، بۆ ئەوەی دەرفەتی تەواو بە هاوڵاتییان بدرێت بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی نوێکردنەوەی زانیارییەکانیان و مسۆگەرکردنی ئەوەی هەموو کەسانی شایستە لە سیستمی فۆرمی خۆراکدا تۆمار بکرێن".
هاوکات تاوەکو ئێستا، 85%ی هاوڵاتییان لە سلێمانی، زیاتر لە 85%ی هاوڵاتییان لە هەولێر، زیاتر لە 80%ی دانیشتووانی دهۆک و 90% دانیشتووانی هەڵەبجە فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە.