٣١ ئابی ٢٠٢٥
فەرماندەیی پۆلیسی بەسڕە، دەستگیرکردنی کەسێکی ڕاگەیاند کە بەوتەی ئەوان سوکایەتیی بە ئاژەڵ کردووە و هەڵساوە بە بۆیاخکردنی سەگێک.
ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرماندەیی پۆلیسی بەسڕە، لەڕاگەیەنراوێکدا دەستگیرکردنی کەسێکی ڕاگەیاند کە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە سوكایەتیى بە ئاژەڵ كردووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە: "دوای چاودێریکردنی گرتەیەكی ڤیدیۆ کە لە سەكۆی تیک تۆک بڵاوكراوەتەوەو تێیدا کەسێک بە پەمپ سەگێك بۆیاخ دەكات، لە هەڵسوكەوتێكی سەیر و نامۆ و پێچەوانەی نۆرمەکانی مرۆڤایەتی".
پۆلیسی بەسڕە دەشڵێت: "دەستبەجێ مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی شارەکە و بنکەی پۆلیسی ئەلهویر، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی تاوانەکانی شارەکە، رێوشوێنیان گرتووەتەبەر و تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە، بەپێی بڕگەکانی ماددەی 486 لە یاسای سزادان، رێکاری یاساییان بەرامبەر گرتووەبەر.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا، جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم رەفتارە خراپانە نمایندەی بەها و ئەخلاقی کۆمەڵگەی عێراق ناکەن، پۆلیس داواش لە هاوڵاتیان دەکات تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بە شێوەیەک بەکاربهێنن کە خزمەت بە بەها مرۆییەکان بکات و ئاشتی کۆمەڵایەتی بپارێزێت.