٢٩ ئابی ٢٠٢٥
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت: "لە جیهاندا هیچ وڵاتێکی دیکە نییە، کە زیاتر لە تورکیا لە بارەی شەڕی غەززەوە هەنگاوی نابێت و بازرگانیمان لەگەڵ ئیسرائیل بە تەواوی راگرتووە".
ئەمڕۆ هەینی، 29-8-2025، ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا، بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی تایبەت بە پرسی غەززە ئەنجامدا.
هاوکات، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە وتارێکدا وتی: "ئیسرائیل بەو کۆمەڵکوژییەی دوو ساڵە لە غەززە دەیکات، بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە بەها مرۆییەکانی خستووەتە ژێرپێ".
باسی لەوەشکرد: "ئەگەر رێگە بدرێت هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەڵەستین، بەتایبەت غەززە، بەردەوام بن؛ ئەوە هەر لە چوارچێوەی فەڵەستینییەکان نامێنێتەوە، بەڵکو تەواوی ناوچەکە پەلکێشی نێو ئاگر دەکات".
لەبارەی سەپاندنی سزا بەسەر ئیسرائیل، ئاشکرایکرد: "لە جیهاندا هیچ وڵاتێکی دیکە نییە کە زیاتر لە تورکیا لەم بارەیەوە هەنگاوی نابێت. ژمارەیەکی زۆر لە رێوشوێنی دیپلۆماسی، یاسایی و بازرگانیمان گرتوونەتەبەر؛ بازرگانیمان لەگەڵ ئیسرائیل بە تەواوی راگرتووە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا وتیشی: ''بەندەرەکانمان بەڕووی کەشتییەکانی ئیسرائیل داخستوون. رێگە نادەین کەشتییەکانی تورکیا بچنە بەندەرەکانی ئیسرائیل. هیچ وڵاتێکی دیکە نییە کە بازرگانیی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل بە تەواوی راگرتبێت. رێگە نادەین کەشتییە بارهەڵگرەکانی چەک و تەقەمەنی لە بەندەرەکانمانەوە بۆ ئیسرائیل بڕۆن، هەروەها ئاسمانی وڵاتەکەمان بەڕوویان داخستووە".
راشیگەیاند: ''ئیسرائیل داگیرکارییەکانی لە بەرزاییەکانی گۆلان فراوانتر کردوون، تاوەکو نێو خاکی سووریا چووە و گەیشتووەتە ئاستێک کە دیمەشقیشی کردووەتە ئامانج".
هەر لەوبارەشەوە، پێشتر بەرپرسێکی ئەمنیی ئیسرائیلی رایگەیاندبوو: "تورکیا یاری بە ئاگر دەکات و خەریکی سیخوڕیکردنە بەسەر هێزەکانمانەوە".