٢٩ ئابی ٢٠٢٥
لەڕوانگەی بواری پسپۆریمانه‌وه، به‌ڵگه‌نەویستێك هه‌یه بیری ده‌خه‌ینه‌وه كه ئه‌مه‌یه: تۆ بۆ ئەوەی وێنەی ڕاستەقینەی هەر دەزگایەکی راگه‌یاندنی جه‌ماوه‌ری-ت Mass media لە پرسی دووانەیه‌كی دژبەیەکی وه‌ك پیشه‌ییبوون Professional و پڕوپاگەندەییبووندا بۆ دەربکەوێت و تێبگه‌یت كه ئه‌و ده‌زگایه، وه‌ك گوتار Discourse، به‌لای كام له‌م دووانه‌یه‌دا دایده‌شێكنێته‌وه، ئه‌وا پێویسته بە وردی پەیام و ڕووماڵەکانی بخەیتە ژێر میکرۆسکۆبی تاقیگه‌ی زانستی میدیا خۆی و تیۆرە مەعریفییەكانی بواری فەلسەفەو زانستە مرۆڤایەتییەکانەوە، بە تایبەتی له چ كاتێكدا؟ له‌سه‌روه‌ختی قەیران و ڕووداوە گەورەکان و بۆنە نیشتمانییەکانی وەک هەڵبژاردن.
ئەگەرچی ئه‌مڕۆ زۆربەی جەماوەر، لە چلەکانی سەدەی رابردوو هۆشیارترن بەرامبەر بەو گەمانەی کە کۆمەڵناسێكی فه‌ره‌نسی وه‌ك پێیر بۆردیۆPierre Bourdieu (1930-2002ز) لە كتێبێكی خۆیدا به‌ناوی (On Television) له‌بارەی ڕۆڵی میدیا‌و بە تایبەتی شاشەی تیڤییەکان بیرمان دەخاتەوە كه ناساندنیانه وه‌ك شێوێنه‌ری ڕاستییەکان بۆ هەژموونی سیاسی و بەرژەوەندیی بازرگانی، بەڵام هه‌ر ئه‌مڕۆ، هەمان جەماوەر، لەئێستاو له‌م سەدەی بیست و یەکه‌شدا، ئەو میکرۆسکۆبەیان نییە کە سیمای پشتی تەواوی دەمامکەکانی ئه‌م چالاكییه مرۆییه‌یان بۆ هه‌ڵبداته‌وه، به‌تایبه‌تی كه ته‌كنه‌لۆژیای راگه‌یاندن چه‌ند له ئاشكراكردنی فاكت و واقعه‌كاندا چووبێته پێشه‌وه، دوو هێنده‌ش له‌هونه‌ری شاردنه‌وه‌و ده‌ستكاریكردنی راستییه‌كاندا گه‌شه‌یكردووه!، ره‌نگه ته‌كنیكه‌كانی ناو دنیای ژیریی ده‌ستكردیش(AI) هه‌رخۆی زه‌قترین نموونه‌ی هاوچه‌رخ بێت!.
هه‌ر بۆیە زۆرجار میدیاكان هه‌م ئەو دەسکورتییەی جه‌ماوه‌ر له‌ناسینه‌وه‌ی راستییه‌كاندا دەقۆزنەوە، هه‌م خودی خۆیشیان له‌گه‌مه‌كردن به عه‌قڵ و واقع داهێنان ده‌كه‌ن، به‌وه‌ش ده‌بینیت، خۆبه‌خۆ، له‌گه‌ڵ رووداوه گه‌وره‌كان و قه‌یرانه‌كاندا، لێمان دەبنە دەعبایه‌كی پڕوپاگەندەیی، ده‌بنه غولێكی گه‌وره‌ی لەخشتەبردنی میدیاییMedia Misinformation ، ئه‌وه‌ش یان له‌پێناوی ئەجێندای سیاسی، یان بازرگانی و هیچیتر.
لەوە خراپتر، ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌یه له‌ئه‌زموونی كاری میدیایی، كه فەیلەسوفێكی وه‌ك جان بۆدریار Jean Baudrillard (1929-2007ز) دەیڵێت. بۆدریار سه‌رنجی له‌وه داوه كه میدیاکان ئیتر واقعێک بە جەماوەر پێشکەشدەکەن کە بینینی واقعی ڕاستەقینەیان لە بیربەرێتەوە، بۆدریار ده‌ڵێ: میدیاكان لە جێی ئەوەی خه‌ڵك لەڕێگەی سەرکوتكردنی ڕاستەوخۆوە کۆنتڕۆڵ بكه‌ن، بە لێشاوی ئه‌و وێنەو پەیامانه دەیانخنکێنن کە وا ده‌رده‌كه‌ون لایه‌نگیرییان تیانییه، یان بۆ كاتبه‌سه‌ربردنن، بەڵام خۆی لەقوڵاییدا هیچ نین به‌تاڵكردنه‌وه‌ی واقع خۆی نه‌بێت له‌ماناكانی.
ئه‌م فه‌یله‌سوفه، دیوێكی ئەم گەمەیە ناو دەنێت: نواندنەوە/لاساییكردنەوە Simulation، چونکە میدیاکان ناتوانن هەموو هەقیقەتێکی واقع بگوازنەوە، کارێکی وا، بۆ ئه‌وان، تەنانەت دژی سیاسەتی پێشکەشکردنی واقعیشە بەو فۆرمەی کە ئەجێندای سیاسی دەیخوازێت، بۆیە هەڵدەستن بە پیشەسازیی دروستکردنی واقعێکی خوازراو، یان زێدەواقع Hyperreality کە دابڕینی واقعە لە دۆخی سروشتی خۆی.
له‌په‌یوه‌ندیدا به واقعی خۆمانه‌وه، رووداوه‌كه‌ی رۆژی 22ی ئه‌م مانگه‌ی سلێمانی، ده‌ریخست كه ماسمیدیاو سۆشیال میدیای كوردی، چۆن ده‌توانن له پیشه‌سازیی وێناكردنێكی دڵخوازی واقعی رووداوه‌كه‌دا داهێنان بكه‌ن!، ئه‌وه‌شی سه‌لماند كه چۆن میدیاكانمان زۆر (لێزان)ن له نزیكبوونه‌وه له‌واقعی حاڵ، به‌ڵام چه‌ند زیره‌كیشن له‌قۆزتنه‌وه‌ی ئه‌م نزیكبوونه‌وه‌یه بۆ ده‌ستكاریكردنی خودی واقع خۆی و سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی!، هاوكات زۆر به‌ڕوونیش ده‌ركه‌وت كاتێك ئه‌م پیشه‌سازییه كورتده‌هێنێت!، چۆن رووداو و رێكه‌وتنه سیاسییه‌كانی ناو واقعی ئێمه ده‌توانن، زۆر به ئاسانی، ئاراسته‌ی روماڵیان بگۆڕن و په‌یامی تری جیاواز‌و ناكۆكیان پێ به‌رهه‌مبهێننه‌وه!.