ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوی خەرجکردنی مووچەی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی کرد

٢٧ ئابی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوی فەرمی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق کرد بەمەبەستی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش و بڕیاریشە سبەینێ حکومەتی کاربەڕێکەر دوای واژۆی تەیف سامی 120 ملیارەکە ڕادەستی بەغدا بکات.

بەپێی زانیارییەکان، لە ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە نوسراوی فەرمی بریاری خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.

هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەوەی ئێستا ماوەتەوە، سبەی پێنج شەممە حکومەتی کاربەڕێکەر 120 ملیارەکە بخاتە سەر هەژماری دارایی عێراق تاوەکو تەیف سامی واژۆی خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش بکات.

دوێنێ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەبەرامبەر مەرجی ڕادەستکردنی 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی دا و بڕیارەکەش تەنیا بۆ مانگی شەش دەبێت.