پێوەری جیهانیی ئاشتی: عێراق لەڕووی سەلامەتییەوە سێ پلە هاتووەتە پێشەوە

٢٥ ئابی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

عێراق لەڕووی سەلامەتییەوە سێ پلە باشتر بووە و هاتووەتە پێشەوە، ئەمەش بەپێی پێوەری جیهانیی ئاشتی (GPI) بۆ ساڵی 2025، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا لەنێو ناسەلامەتترین وڵاتانی جیهاندایە.

پلەبەندییەکە ساڵانە لەلایەن پەیمانگەی ئابووری و ئاشتییەوە ئامادە دەکرێت کە بنکەکەی لە شاری سیدنییە لە ئوسترالیا.

ڕاپۆرتی ئەم ساڵی پەیمانگەکە دەریدەخات، لەسەر ئاستی جیهان وڵاتانی ئەوروپا وەکو ساڵانی ڕابردوو لە پێشەنگی ئارامترین وڵاتەکاندان، بەهۆی ئەوەی ئەو وڵاتانە بە سەقامگیری، بەڕێوەبردنی باش، پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی ناسراون.

لە کۆی 163 وڵات، عێراق لە پلەی 147ـەم دێت و هێشتا یەکێکە لە مەترسیدارترین وڵاتەکان. عێراق بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، سێ پلە باشتر بووە و لە ڕیزبەندییەکەدا هاتووەتە پێشەوە.

10 ئارامترین وڵاتی جیهان ئەمانەن:

1. ئایسلاند؛ بۆ 17یەمین ساڵی لەسەریەک ئارامترین وڵاتی جیهانە کە بە نزیکەیی هیچ تاوانێکی تووندوتیژی و نائارامیی سیاسیی تێدا نییە.

2. ئایرلاند

3. نیوزیلاند

4. نەمسا

5. سویسرا

6. سەنگاپوور

7. پۆرتوگال

8. دانیمارک

9. سلۆڤینیا

10. فینلاند

ئەم وڵاتانە خاوەنی دامەزراوەی بەهێز، ڕێژەی نزمی تاوان و هێزی ئەمنیی سنووردارن کە وایانکردووە ببنە نموونەی جیهانی بۆ ئاشتی.

10 مەترسیدارترین وڵاتانی جیهان:

1. ڕووسیا

2. ئۆکراینا

3. سوودان

4. کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ

5. یەمەن

6. ئەفغانستان

7. سوریا

8. باشووری سودان

9. ئیسرائیل

10. مالی

ململانێ و ناسەقامگیریی هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخەن کە بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و دروستبوونی نائارامی.

سووریا لە پلەی 157ـەم دێت، واتە حەوتەم مەترسیدارترین وڵاتی جیهانە. زیاتر 14 ساڵ لە شەڕی نێوخۆ ژێرخانی وێران کردووە، کۆمەڵگەی پەرتەوازە کردووە و یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکانی پەنابەرانی لە مێژووی هاوچەرخدا دروستکردووە.

تورکیا یەک پلە لە عێراق باشترە و لە ریزی 146ـەم دێت. بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، یەک پلە باشتر بووە.

ئێرانیش ڕیزبەندی 142ـەمینی گرتووە، واتە لە عێراق، سووریا و تورکیا باشترە. بەڵام بەراورد بە پار، پێوەری ئاشتییەکەی چوار پلە دابەزیوە، ئەوەش دوای ئەو جەنگە دوازدە ڕۆژییەی کە حوزەیرانی ئەم ساڵ لەگەڵ ئیسرائیل کردی.