٢٢ ئابی ٢٠٢٥
ئەوەی ئەم هەفتەیە لە هەرێمی کوردستان ڕوویدا، هەر لە گرتنی شاسوار عەبدولواحید، حوکمدانی شێروان شێروانی بۆ جاری هەشتەم و دواجاریش هێرش کردنە سەر لاهوری شێخ جەنگی و دەستگیرکردنی کەس و کار و هاوەڵ و نزیکەکانی، نیشانەی داڕووخانی سیستەمی دادوەری و داڕزینی هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی کوردستانە.
دەکرێت تۆ ڕەخنەگرێکی دەسەڵات بیت و بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی حوکم بدرێیت و تا کۆتایی تەمەن لە ژوور بکرێیت. دەشێت ئامۆزا و کەسی نزیک و خۆشەویستی مەلیکی شار بیت و کاتێک هەڕەشە بوویت بۆ سەر هەژموون و پێگەی مەلیک، بە تانک و تۆپ لێت بدرێت و بە چەند کاتژمێرێک، پاسەوانەکانی پێشووی خۆت قۆڵبەستت بکەن و لێت بدەن.
دەگونجێت، سەرۆکی حزب بیت و سەدان سکاڵات لەسەر بێت و کەس لێت نەپرسێتەوە، بەڵام کە ڕۆڵەکەت تەواو بوو و هەوڵت دا پێ لە بەڕەی حزبی دەسەڵات ڕابکێشیت، ئەوا سکاڵاکان دەبن بە هەزاران و لە چەند خولەکێکدا کش مەلیکت لێ دەکرێت. خۆ دەکرێت هیچ کام لە مانەش نەبیت و لەو ململانێیانەدا، تۆپێک لە شیرینی خەودا بەر ماڵەکەت بکەوێت، هاوەنێک سەربانی ماڵەکەت ببڕێت، گوللەیەکی وێڵ ساردت بکاتەوە.
هەڵکوتانە سەر ڕکابەری خێزانی و سیاسیت بە تانک و دەبابە، بەکارهێنانی دادگا بۆ سەرکوتکردنی نەیارەکانت و نیشاندانی پاسەوانی دەستبەسەرکراو وەکو دیلی جەنگ، داخستنی میدیای دژبەرت، ئەخلاقی سیاسی و سەربەخۆیی دادگا و پێشەیی بوونی هێزە چەکدارەکان بەتاڵ دەکاتەوە.
سەرباری هەموو ئەوانەش، پرسیارێکی تری جددی هەیە کە دەبێت بکرێت؛ چۆن دەکرێت حزبێکی ئۆپۆزسیۆن، خاوەنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێزی چەکداربێت؟، چۆن دەکرێت ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوان و هێزە چەکدارە لە ململانێی حزبیدا بەکاربهێنێت یان، چۆن دەکرێت هێزی ئەمنی و دادگاکان بەم شێوەیە ببن بە بوکەڵەی دەستی حزبەکان؟.
سلێمانی و کوردستان، لە مەترسییەکی گەورەدان. دادگاکان سەربەخۆنین، هێزە چەکدارەکان، هێزی کەسی و حزبین نەک نیشتیمانی!. ئەم دۆخە، چاو ترساندنی کۆمەڵگەی مەدەنی، میدیای ئازاد و ڕکابەر و نەیارە سیاسییەکانە.
کامەران عوسمان