١ تەمموزی ٢٠٢٥
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، بەتۆمەتی دزیکردن، لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە سێ تۆمەتبار دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، دوای ئەوەی هاوڵاتییەک سکاڵای تۆمارکرد، کە لە ماڵەکەی دزی لێکراوە و پارەی لێبراوە، هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان دەستپێکردوو دوای لێکۆڵینەوەکان توانرا لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و دەستگیربکرێن.
ئاشکراشیکرد، تۆمەتبارەکان بڕی 50 ملیۆن دیناری عێراقی و 22 هەزار و 500 دۆلاری ئەمریکییان لە ماڵی سکاڵاکار دزیوە و لە کاتی دەستگیرکردنیان دەستیش گیرا بەسەر دوو چەک، لە جۆری دەمانچە و دوو ئۆتۆمبێل و بڕێک لە پارە دزراوەکەدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتباران (ش، س، ع - ر، م، أ - م، ج، ن) بە بڕیاری دادوەر راگیراون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.

