هۆکاری سەرەکیی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی پێشووی دادگای فیدڕاڵی ئاشکرا دەکرێت

٣٠ حوزەیرانی ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

سەرەڕای ئەوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ناجێگیریی تەندروستیی سەرۆکی دادگای فیدراڵی هۆکار بووە بۆ دەستلەکارکێشانەوەی، بەڵام سەرچاوە دادوەرییەکان باس لەوە دەکەن ئاڵنگارییەکی توند لەنێوان جاسم عومێری و فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی هەبووە و ئەوەش بووەتە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی جاسم عمێری.

دوای ئەوەی جاسم عمێری سەرۆکی پێشووی دادگای فیدراڵیی عێراق داوای کرد خانەنشین بکرێت و دەستلەکارکێشانەوەی ڕاگەیاند، ئەنجومەنی باڵای دادوەریش لەبەیاننامەیەکدا پاساوی بۆ داواکارییەکەی هێنایەوە و باس لەوە کردووە ئەم داوایەی جاسم عمێری بە هۆکاری "تەندروستی" بووە.

سەرەنجام، داوایەکەی سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە پەسەند کرا و لەشوێنی، دادوەر مونزیر ئیبراهیم حسێنی جێگری، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی دادگای فیدراڵی دەستنیشانکرا.

سەرچاوە دادوەرییەکان سەبارەت بە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی جاسم عمێری سەرۆکی پێشووی دادگای فیدراڵی، باس لەوە دەکەن بەهۆی هەبوونی ئاڵنگارییەکی توند هەبووە لەنێوان ناوبراو و فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لە چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر جارێک ناکۆکیی لە نێوان فایق زیدان و جاسم عمێریدا ڕوویداوە، دواجار بە چوونە دەرەوە و دەستلەکارکێشانەوەی عمێری، ئاڵنگارییەکە کۆتایی هات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە 19ی ئەم مانگەدا، نۆ ئەندامی دادگای فیدراڵی دەستلەکارکێشانەوەی بە کۆمەڵیان پێشکەش بە سەرۆکی دادگاکە کرد بەهۆی ناکۆکیی دەستەی دادوەران لەگەڵ سەرۆکی دادگا و لە ئەنجامی پەرەسەندنی ئاڵنگاریی نێوان ئەنجومەنی دادوەری و دادگای فیدراڵی هەروەک سەرچاوە دادوەرییەکان ئاشکرایان کردووە.

عومێری، لە ماوەی دە رۆژی رابردوودا هەوڵێكی زۆریدا بۆ جڵەوکردنی ململانێی نێوان دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دادگای پێداچوونەوە، بەڵام بەهۆی ڕەتکردنەوەی لەلایەن سەرۆككۆمار و سەرۆکی پەرلەمانەوە هەوڵەکانی سەرکەوتوو نەبوون.

عومێری دوو داواکاری پێشکەش بە مەحمود مەشهەدانی و عەبدولەتیف رەشید کردبوو، داوای کردبوو تا هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کە پێكهێنەری حكومەتە، كۆببێتەوە، بۆ تاوتوێکردنی ناکۆکی نێوان بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی و بڕیارەکانی دادگای پێداچوونەوە، هەروەها بانگهێشتکردنی شارەزایانی دەستووری و یاسایی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە و دەربڕینی بۆچوونەکانیان لەسەر ئەو بابەتە.