٩ ئایاری ٢٠٢٥
گرژییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان تادێت بەرەو هەڵکشان دەچێت، لەگەڵ زیادبوونی ڕووبەڕووبوونەوە و بەزاندنی سنوورە سەربازییەکان، مەترسیی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن هەردوو وڵاتەوە زیاتر دەبێت.
ئەم ناکۆکییە، مەترسی لەسەر ئاو و ئاسایشی ئابووری هەردوو وڵات و ناوچەکە دروست دەکات، ئەمەش پێویستی بە دەستێوەردانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ نێوەندگیری نێوانیان و کارکردن بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری جەنگەکە بە دانوستاندن لەسەر پەیماننامەیەکی هاوتەریب بۆ هەردوو وڵات.
لەگەڵ ئەوەشدا، پەیمانی ئاوەکانی ئیندوس کە لە ساڵی 1960 ئەنجامدرا، وەک هۆکارێکی گرنگ بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە دەبیندرێت. پەیماننامەکە دابەشکردنی ئاو لە نێوان هیندستان و پاکستان ڕێکدەخات و بەشدارە لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوو دراوسێی ناکۆک، بەڵام بە بڕوای شارەزایان دوور نییە لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی ئەم جەنگەدا، ناکۆکی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا دروست ببێت لەسەر ئاوی رووباری ئیندوس.
وڵاتانی نێوەندگیر، دەبێت رێگری بکەن لە هەڵپەساردن و هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی ئاوەکانی ئیندوس، ئەگەر رێگری لە رۆشتنی ئاو بکرێت لە هیندستانەوە بۆ پاکستان، دوور نییە حکومەتی پاکستان بکەوێتە ژێر فشارەوە و پەنا بۆ کردەوەی سەربازیی گەورەتر ببات وەک، چەکی ئەتۆمی.
کاردانەوەی پاکستان لە ئەگەری گرتنەوەی رووبارەکە، زۆر توند دەبێت. ڕووباری ئیندوس نزیکەی لەسەدا 80ی کشتوکاڵی ئاودێری پاکستان دابین دەکات، کشتوکاڵی پاکستان، نزیکەی ٪25ی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکە پێکدەهێنێت و ٪65ی هێزی کاری تێدا بەکاردێت.
لینا بەدری، هاوکار لە پرۆگرامی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەڵێت: هیندستان لە ئێستادا هیچ توانایەکی نییە بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە ئاو لەلایەن پاکستانەوە، چونکە پەیماننامەی ئاوەکانی ئیندوس رێگری لە هیندستان دەکات لە دروستکردنی بەنداو.
لە ئەگەری هەڵپەساردنی پەیماننامەکە، ئەگەر هیندستان بەنداویش دروست نەکات، بە رشتنی نیشتووی کۆگاکان دەتوانێت زیانێکی زۆر بە رووبارەکە بگەیەنێت بەشێوەیەک کە وڵاتی پاکستان نەتوانێت سوود لە بەکارهێنانی ئاوەکەی ببینێت.
بەپێی راپۆرتی میدیاکان، هیندستان لە ئێستاوە دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە.
پەیماننامەی ئاوەکانی ئیندوس، پەیماننامەیەکی دابەشکردنی ئاوە لە نێوان هیندستان و پاکستان کە لەلایەن بانکی جیهانییەوە ڕێکدەخرێت بۆ بەکارهێنانی ئاوی ڕووباری ئیندوس و لقەکانی لەلایەن هەردوو وڵاتەوە.
ئەم ڕێککەوتنە، لە 19-9-1960، لە شاری کەراچی، لەلایەن جەوهەرلال نەهرۆ، سەرۆک وەزیرانی هیندستان و ئەیوب خان، سەرۆکی پاکستان واژۆ کراوە. لە 23-4-2025، حکومەتی هیندستان پەیماننامەکەی هەڵپەسارد، بەهۆی هەبوونی نیگەرانییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی و گومانی پشتیوانی پاکستان لە تیرۆرستی پاڵپشتیکراو لەلایەن پاکستانەوە.