٩ ئایاری ٢٠٢٥
دانا عەبدولکەیم, وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوەکرد، دابەشکردنى یەکەکانى نیشتەجێبوونى کرێنشینان لە دوا قۆناغدایە و ناوەکان جیاکراونەتەوە، لە چەند هەفتەى داهاتوو بەسەر کرێنشینانى شایستەدا دابەشدەکرێن.
زیاتر لە 10 ساڵە حکومەتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، نزیکەی نۆ هەزار یەکەى نیشتەجێبوونى بۆ کرێنشینان دروستکردووە بەڵام تاوەکو ئێستا بەسەر کرێنشیناندا دابەشنەکراون، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەڵێت، " لە چەند هەفتەى داهاتوو ئەو یەکانە دابەشدەکرێن".
لەساڵى 2024دا وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە ئەوەشی رایگەیاند، 26 هەزار فۆڕم بۆ ئەو یەکانە پڕکراوەتەوە، بۆیە پێویستیان بە کاتێکى زۆرە تاوەکو دەیسەلمێنن ئەوانەى فۆرمیان پڕکردووەتەوە کەمدەرامەتن و شایستەى ئەوەن کە یەکەى نیشتەجیبوونیان پێبدرێت یاخود نا.