پوتین: پەیوەندی نێوان رووسیا و پەکین لە دژی کەس نییە

٨ ئایاری ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا دووپاتی کردەوە، پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و پەکین سوودی بۆ هەردوولا هەیە و دژی هیچ کەس و وڵاتێک نییە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 8-5-2025، سەرۆکی رووسیا پێشوازیی لە شی جین پینگ، هاوتا چینییەکەی کرد.

پوتین لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا چینییەکەی ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پەکین بۆ بەرژەوەندیی گەلی هەردوو وڵات پەرە پێدەدەین نەک دژی هیچ لایەنێک.

سەرۆکی ڕووسیا، پێشوازیی لە گواستنەوەی تەکنەلۆجیای چینی بۆ وڵاتەکەی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ سەرۆکی چین ژمارەیەک ڕێککەوتنی بازرگانیمان واژۆ کرد، هاوکات چینیش پاڵپشتی خۆی بۆ رووسیا دووپات کردەوە.

سەرۆکی چین ئەوەشی راگەیاند، متمانەی سیاسی نێوان چین و ڕووسیا قووڵتر دەبێتەوە و پەیوەندییەکانیش بۆ هاوکاریی کردەیی پتەوتر دەبن.

لە کۆتایی قسەکانیشیدا، جەختی لەسەر پتەوی و بەهێزی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا کردەوە لە ئێستادا.