٨ ئایاری ٢٠٢٥
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا 10 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان لە چەند بوارێکدا واژۆکرد.
ئەمڕۆ 8-5-2025، دوای کۆبوونەوەکەیان، نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت، " محەمەد شەیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا 10 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان عێراق و تورکیا لە چەند بوارێکدا واژۆ دەکەن".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەو یاداشتنامانە هاتووە کە لەسەری رێککەوتوون، ئەوانیش بریتین لە:
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە هاوکاری لە بوارەکانی پیشەسازی بەرگری و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکان.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری رێوشوێنەکانی کارپێکردنی ستاندارد بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی هاوڵاتیانی عێراقی لە تورکیا.
- رەشنووسی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هاوکاری لە بوارەکانی دادوەری.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن تایبەت بە هاوکاری لە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی نایاسایی ماددە هۆشبەرەکان.
- پرۆتۆکۆڵی هاوکاری سەبارەت کردنەوەی لقی زانکۆکانی تورکیا لە بەغداد و بەسرە.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری بەڕێوەبردنی فریاگوزاری و کارەساتەکان.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هاوکاری لە بوارەکانی پەیوەندییە گشتییە دیجیتاڵییەکان.
- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری چالاکیەکانی ستاندارد و پێوانەکردن.
- دوو یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بواری هاوکاری راهێنان بۆ وەزارەتی ناوخۆ.