٨ ئایاری ٢٠٢٥
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "ئەمڕۆ بێت یان سبەی پەکەکە چەک دادەنێت".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 08-05-2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پێشوازی لە بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و وەزیرانی کابینەکەی کرد.
بەپێی زانیاریی میدیا تورکییەکان، ئەردۆغان لە میانی دیدارەکەدا دەڵێت، "هەموو ئاستەنگەکانییان تێ پەڕاندووە، ئەمڕۆ بێت یان سبەی سەرئەنجام پەکەکە چەکەکانی دادەنێت و ڕێکخراوەکە هەڵدەوەشێنێتەوە، ڕەنگە کەسانێک هەبن بیانەوێت سوود لە تێکدانی پرۆسەی ئاشتی وەربگرن".
ئەردۆغان باسی لەوەش کردووە، دوای نەمانی پەکەکە پرۆسەیەکی نوێ، سەردەمێکی نوێ بۆ هەموومان دەست پێ دەکات و کایەی سیاسیش رۆڵێکی گەورەی دەبێت لە پرۆسەکە. هەروەها ئەردۆغان هۆشداری داوە لەوەی پێویستە پرۆسەکە بەباشی بەڕێوەببرێت.
بە بەرپرسانی حیزبەکەشی دەڵێت: "کارێکی مەزنتان دەکەوێتە ئەستۆ. دەکرێ کەسانێک بیانەوێت لەڕووی سیاسییەوە ئەم بابەتە بقۆزنەوە، هەر بۆیە دەبێت ئامادە بین. پرۆسەیەکی ئاسان چاوەڕێی ئێمە ناکات. لەم بابەتەدا متمانەم بە ئێوە هەیە".
گوتەبێژی ئاکپارتیش بە میدیاکانی راگەیاند:" سەرۆک کۆمار پێمانی ڕاگەیاندووە، پێویستە هەمووان هەستیاری بنوێنن لە پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پرۆسەکە بکەن و پشتیوانی لێ بکەن. پرۆسەکە لە هەموو لایەنەکانییەوە چاودێری دەکرێت. ئەم پرۆسەیە سیاسەتی دەوڵەتە. پێویستە بە زووترین کات پەکەکە و هەموو درێژکراوەکانی چەک دابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە. هەر هەنگاوێکی کۆنکرێتی بەرەو کۆتایی هێنان بە تیرۆر و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە هەنگاوی ئەرێنی نوێ دەهێنێتە ئاراوە."