٧ ئایاری ٢٠٢٥
وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان رایگەیاند، "داوا لە هیندستان و پاکستان دەکەین ئارامگربن و سەقامگیری ناوچەکە نەخەنە مەترسییەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان ڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بگرنەبەر".
ئەمڕۆ چوارشەممە 7-5-2025، لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان ئەوەی راگەیاند، کە نیگەرانن لە رووداوەکانی دوێنێشەو، ئەو گرژی و شەڕەی روویداوە لە نێوان هیندستان و پاکستاندا، مایەی نیگەرانییانە، هەروەها داوای لە هەردوو وڵاتەکە کردووە کێشەکانیان لە رێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە چارەسەر بکەن.
هەر لە بەیاننامەکەدا تاڵیبان ئاماژەی بەوەشکردووە، سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە بۆ هەمووان گرنگە و پێویستە هەردوو وڵات بیپارێزن، درووستبوونی جەنگ لە بەرژەوەنی هیچ لایەکدا نییە و لەبری ئەو بژاردەیە رێگەی دیپلۆماسی بگرنەبەر.
ئەمە دوای ئەوە دێت، دوێنێشەو 6-5-2025، هیندستان لەڕێگەی چەند موشەکێکەوە لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "سندوور"، نۆ پێگەی لە پاکستان کردە ئامانج، لەوانە، جامو، کشمیری.
پاکستان دەڵێت، "هیندستان ناوچە مەدەنییەکانی کردۆتە ئامانج و بەهۆیەوە 26 کەس گیانیان لەدەستداوە و 46 کەسی دیکەش برینداربوون".
وەک وەڵامێک بۆ هیندستان، پاکستان پێنج فڕۆکەی هیندستانی بە ئامانج گرتووە و چەن شوێنێکیشیان تۆپبارانکردووە.