٧ ئایاری ٢٠٢٥
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرامی کۆنتڕۆڵکردنی تووتن، ڕایگەیاند، یاسای نوێی (پاراستنی زیانەکانی تووتن) کە بەم نزیکانە دەردەچێت، کۆتایی بە بڵاوبوونەوەی جگەرەی ئەلیکترۆنی کە بە "ڤایپ" ناسراوە دەهێنێت.
وەسیم کیلانی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرامی کۆنتڕۆڵکردنی تووتن، لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، یاسای نوێی (پاراستنی زیانەکانی تووتن) کە بەم نزیکانە دەردەچێت، کۆتایی بە بڵاوبوونەوەی جگەرەی ئەلیکترۆنی کە بە "ڤایپ" ناسراوە، لە وڵاتدا دەهێنێت.
ڕاشیگەیاند: "یاساکە بەتوندی قەدەغەی هاوردەکردن و فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی دەکات و ئەوانەی سەرپێچی بکەن، سزای وەک (غەرامەکردن و دەستبەسەرداگرتنی ڤایپ) دەدرێن".
ئاشكراکرد، جگەرەی ئەلیکترۆنی لەئێستادا بەشێوەیەکی بەرچاو لە نێو گەنجان و منداڵان و تەنانەت کچانیشدا بڵاوبووەتەوە.
ئەوەی خستەڕوو، لە هەر پێنج هاوڵاتییەکی عێراقیدا، یەکێکیان جگەرەکێشە، ئەمە لەکاتێکدایە، جگەرەکێشان یەکێکە لە سەرەکیترین هۆکارەکانی مردن لە عێراق و جیهانیشدا.