هیندستان هێرشی کردە سەر پاکستان

٦ ئایاری ٢٠٢٥

بڵاویبکەرەوە لە

هیندستان: نۆ پێگەمان لە خاکی پاکستان بۆردومان کرد، ئۆپەڕاسیۆنەکە بۆ بە ئامانجکردنی ژێرخانی تیرۆرە، میدیاکانی پاکستانیش دەڵێن "هیندستان هێرشی کردووەتە سەر سێ شوێنی وڵاتەکەمان"

ئەمشەو 6-5-2025، وەزارەتی بەرگریی هیندستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "سوپای هیندستان کەمێک لەمەوبەر "ئۆپەراسیۆنی سندوور"ـی راگەیاند و هێرشی کردە سەر ژێرخانی هێزەکانی پاکستان لە ناوچە "داگیرکراوەکانی کشمیر و جاموو."

سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن، بۆردومانەکە بۆ ناوچە کشمیر بووە، لەگەڵ بۆردومانەکە کارەبای شارەکە پچڕاوە. وەزارەتی بەرگری هیندستان دەڵێت "نۆ خاڵمان کردووە بە ئامانج"، بەڵام میدیاکانی پاکستان دەڵێن "سێ شوێنمان لەلایەن هیندستانەوە کراوە بە ئامانج"، کە پەیمانگایەکی ئایینی لە شاری بەهاوالپور لە پاکستان لەنێو ئەو شوێنانەدایە کە لەلایەن هیندستانەوە هێرشی کراوەتە سەر.

لای خۆیەوە سوپای پاکستان سوێندی خوارد کە "لە کات و شوێنی گونجاودا" وەڵامی هێرشەکانی هیندستان بداتەوە.